سندی ڕێشاخ
منیش پێشتر لای گوێی گۆڕەکان دەکەوتم و
بێ ئەوەی وەڵام بدەنەوە
وەک برایەک کە دەست دەخاتە پشتی براکەی،
کێلەکانم دەلاواندنەوە.
وەک ماسییەکی بچووک
دەتوانی پێبکەنی بەو پشیلە ڕەشەی،
کە جارجارە دێ، پێ دەخاتە ئاوی حەوزەکەت و
لە بەرانبەرتدا چڕنووکی دەلێستەوە.
لە ناخمدا دەنگت وەک مۆسیقایەکی دوور
لەبەر پێیەکانیشم،
خونچەیەک خەریکە چەکەرە دەکات…
مادام دیوار هەیە و مادام تەباشیر
دەتوانیت وێنەی،
شەقام و پشیلە و کەسایەتییەک بکێشیت و
بڵێیت، مادام چەتر هەیە و مادام شەقام
مادام دیوار هەیە و مادام ئاسمان
بمبە لەگەڵ خۆت تا ئەوسەر، با پیاسەیەک بکەین.
پەنجەرەکەت بکەوە و بڕوانە
ڕەنگە لەم دەرچە بچووکەوە
درەوشاوەتر بێ دنیا…
دواجار تۆش گۆڕت دەبێت
لەوێوە دەڕوانیتە سەرەوە و دەبینی
هەورەکان بە ئاسماندا تێدەپەڕن و
تێدەگەیت، لە کۆتاییدا چیرۆکەکان
دەبنە سێبەری ناو تاریکی و
تاریکیش نوقتەی کۆتایی چیرۆکەکەیە.
لەوسەری گۆڕستانەکە خۆر ئاوا دەبێ
کە ڕێککەوتی لەدایکبوونت دەخوێنمەوە،
بزەم دێ و دێته بەرچاوم
لە نێوان کۆنکرێتی کێلەکان
ڕووخسارت وەک مانگ دەردەکەوێت…
بێ ئەوەی وەڵام بدەیتەوە
وەک برایەک کە دەست دەخاتە پشتی براکەی
پێشتر دەهاتم کێلەکەتم دەلاواندەوە
بەڵام ئێستا
لە ناخمدا دەنگت وەک مۆسیقایەکی دوور
لەسەر گۆڕەکەشت
خونچەیەک چەکەرە دەکات.